شاعیر: مینە جاف
کتێب: دیوانی مینە جاف
سەرناو: بێ گومان وەک جەننەتە دەشت و مەکانی سەید خەلیل

بێ گومان وەک جەننەتە دەشت و مەکانی سەید خەلیل
پڕ لە حۆری ئاهووە دێهاتەکانی سەید خەلیل

گردی ڕەنگی لەعل و زومڕووتە لە لالە و شەوقی گیا
هەر ئەڵێی قەسرە لە دەوری گومبەزانی سەید خەلیل

ژاڵەیی گوڵباغ و داری پەڵکە بی و چنار
کانیاوی کەوسەرە چیمە گوڵانی سەید خەلیل

چین بە چین دێن و ئەچن وەک ئاسکەی دەشتی خەتا
کچ لە لایێ کوڕ لە لایێ بۆ ئاستانی سەید خەلیل

وەختێ دەس ئەگرن کچ و کوڕ ڕەش بەڵەک جوان ڕێک ئەخەن
نەشئەیی تاران ئەدا ئەو ساتە بانی سەید خەلیل

ئەو دەمە سەیر و تەماشای وەها پەیدا ئەبێ
نابێ بێژە جەننەتە جەننەت بەسانی سەید خەلیل

مینە جاف سەیر و خۆشی پاریس لەوێ تێتە ئە ڕوو
نەوبەهاران کاتێ خۆر هەڵتێ لە بانی سەید خەلیل